کات و شوێنی مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی دیاریکرا

‌عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران

لیژنەی باڵای یادکردنەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێیەم ڕاگەیەندراویدا کات و شێوازی مەراسیمی ماڵئاوییکردن لە تەرمی خامنەیی بڵاوکردەوە.

شەممە، ١٣ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە ڕۆژانی ٤ و ٥ ـی تەمموز ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە مەزاری ئیمام خومەینی لە تاران ئەنجام دەدرێت، هەروەها بڕیارە لە ڕۆژی دواتردا لە ناو شاری تاران ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمەکە بەڕێوەبچێت.

لە قۆناغی دووەمی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕۆژی ٧ـی تەمموز تەرمەکە دەبرێتە شاری قوم، پاشان لە ڕۆژی ٩ـی تەمموز لە شاری مەشهەد دوایین ماڵئاوایی لە تەرمەکە دەکرێت و هەر لەو شارە و لە مەزاری ئیمام ڕەزا پرۆسەی بەخاکسپاردنەکە جێبەجێ دەکرێت.

لیژنەکە داوای لە خەڵکی ئێران کردووە بۆ بەشداریکردن لەو ڕێوڕەسمانە ئامادە بن.

لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری ئەوکاتی ئێران و چەندین بەرپرسی گەورە کوژران، هاوکات جەنگەکە بۆ ماوەی ٣٩ رۆژ بەردەوام بوو، دواتر ئاگربەستێکی هەفتەیی راگەیەندرا و دواتر بۆ کاتێکی نادیار درێژ کرایەوە.




PM:03:00:13/06/2026