سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند'' بڕیارە سبەی ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت بە مەبەستی ڕێگریی هەمیشەیی لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، و دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکەش گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا دەکرێتەوە.''
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاماژەی بەوە دا، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ڕێگریکردنە لە چەکی ئەتۆمی و ئێران چیتر چەکی ئەتۆمی ناوێت و ناشیبێت، چ لە ڕێگەی پەرەپێدان، کڕین یان هەر ڕێگەیەکی دیکەوە بێت.
جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارەی تێدا نییە، بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی باراک ئۆباما کە سەدان ملیار دۆلار و ١.٧ ملیار دۆلاری نەختی دایە تاران.
سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی لایەنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ڕایگەیاند'' لە کاتی گونجاودا و کاتێک هەموو شتێک ئارام دەبێتەوە، لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییە (B2)ـەکان و فڕۆکەوانە لێهاتووەکانمانەوە، ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لە قووڵایی چیا سەختەکانی ئێراندا حەشار دراوە دەریدەهێنین و تێکی دەشکێنین، چ لە ناو ئێران بێت یان لە ئەمریکا."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران زۆر جیاواز و باشترە لە ئیدارەکانی پێشوو، و هیوای خواست پڕۆسەکە بە بێ کێشە بەڕێوە بچێت؛ بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی دا و وتی'' ئەگەر ڕێککەوتنەکە وەک پێویست نەڕوات، ئێمە بژاردەی کۆتایی و یەکلاکەرەوەمان هەیە، کە هیوادارم هەرگیز ناچار نەبین بەکاری بهێنینەوە."