کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە ڕایگەیاند
کە شاندی دانوستانکاری قەتەر دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، بەرەو تاران بەڕێکەوتوون
بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکتێگەیشتنە پێشبینیکراوەکەی نێوان
تاران و واشنتۆن بکەن رێکەوتنەکە یەکلایی بکەنەوە.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامی هاتوچۆ دیپلۆماسییەکانی
قەتەردا دێت. چوارشەممەی ڕابردووش، دانوستانکارانی قەتەری دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنی
ئەمریکی چوونە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاوتوێی دەقی پێشبینیکراوی
لێکتێگەیشتنەکەیان کرد.
جووڵەی نوێی قەتەر لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
ڕایگەیاندووە کە بڕیارە ڕێکەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ، یەکشەممە، واژۆ
بکرێت و دوای ئەوە گەرووی هورمز بەڕووی هەموو وڵاتاندا دەکرێتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە،
ئەگەر قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکان ئەنجام بدرێت، لێکتێگەیشتنەکە دەکرێت لە دوورەوە
واژۆ بکرێت و پاشان ڕابگەیەنرێت.
پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس نووسیبووی کە ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی
و نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان خۆیان بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە
لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینەوە ئامادە دەکەن.
پاکستانیش ڕایگەیاندووە کە ئیسلام ئاباد خۆی بۆ سازدانی ڕێوڕەسمی
واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا
ئامادە دەکات.