سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات کە رۆژی هەینی رێکەوتن
لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە گەرووی هورمزدا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ
لەبارەی رێکەوتن لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە مەزنە ئاشتی و ئاسایش
بۆ تەواوی ناوچەکە دەهێنێت. زۆرێک لە سەرۆکەکان هەوڵیان دا ئاشتی لەگەڵ ئێراندا بەرپا
بکەن، بەڵام هەموویان شکستیان هێنا. سەرکردەکانی ناوچەکە، بۆ یەکەمجار، سەرۆکێکیان
دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی راستەقینە."
وتیشی: "لەگەڵ کردنەوەی گەرووی هورمز دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە،
کە بۆ پاککردنەوەی گەرووکە لە مین خراوەتە رۆژی هەینی، جارێکی دیکە نەوت لە هەردوو سەرەوە بۆ ناوچەکە
و جیهان دەڕوات!"
هاوکات، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی
تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رێککەوتنی نوێی وڵاتەکەی لەگەڵ واشنتن "کۆتاییەکی دەستبەجێ"
بە جەنگ دەهێنێت. غەریبئابادی گوتی: "لە ماوەی ٦٠ رۆژدا هەردوولا کار لەسەر رێککەوتنێکی
کۆتایی دەکەن. کۆتاییەکی هەمیشەیی و دەستبەجێ بۆ جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش
لوبنان، راگەیێندراوە."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا
چەند هەموار و چاکسازییەکمان لە دەقەکەدا کردووە کە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە پەسند
کراون".
جەختیشی کردەوە کە دەبێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هەنگاوی دەستبەجێ
بنرێن: "یەکەم، کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە سەرجەم بەرە جیاوازەکاندا
بە لوبنانیشەوە؛ دووەم، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی".
پێش ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی
(ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لەگەڵ ئێران بە تەواوی گەیشتوونەتە رێککەوتن. ترەمپ
نووسیویەتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو. پیرۆزە
لە هەمووان! لێرەوە بە تەواوی رێگە دەدەم بە کردنەوەی بەخۆڕایی و بێ باجی گەرووی
هورمز، و هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، فەرمان دەکەم بە لابردنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی
هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان
دابگیرسێنن، با هاتووچۆی نەوت دەستپێبکاتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەمڕۆ دووشەممە، لە
زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران ئەو هێرشەی پلانی بۆ داڕشتبوو وەک
وەڵامێک بۆ لێدانەکانی سەر بەیرووت بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامی بدات، هەڵوەشاندووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە دوای دەستوەردانی
ترەمپ هاتووە کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە داوای لە ئێران کردووە دان بە خۆیدا
بگرێت. ئاماژە بەوەش کراوە، لە ناوەندەکانی بڕیار لە تاران دەمەقاڵێ هەبووە؛ هەندێک
لە بەرپرسان پێیان وابووە وەڵامدانەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێت بۆ تێکدانی رێککەوتنی
ئاشتیی نێوان تاران و واشنتۆن.