ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' کۆتاییهاتنی جەنگ لە لوبنان و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لەو وڵاتە، بەشێکی دانەبڕاو و مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ناوچەکە و لەگەڵ ئێراندا.
عەباس عێراقچی جەختی کردەوە، دوێنێ کۆتاییهاتنی خێرا و یەکجاریی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان و لە نێویاندا لوبنان ڕاگەیەنراوە.
ئاشکرای کرد کە دەستپێکی فەرمیی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ڕۆژی هەینی داهاتوو، ١٩ی حوزەیرانەوە دەبێت، و ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی جەنگیشی بە گرنگترین ڕووداوی قۆناغی یەکەمی ئەم ڕێککەوتنە دانا.
عێراقچی دەربارەی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە ڕوونی کردەوە کە لایەنی یەکەم لەم لێکتێگەیشتنەدا ئێران و ئیسرائیلە، و لایەنی دووەمیش ئێران و حزبوڵڵایە. هاوكات هۆشداریی توندی دا کە هەر هێرشێکی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان و بەردەوامیی داگیرکاری، بە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە داهاتووی پێوەندییەکان و سزاکان، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دیاریکراوە، هەردوو دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بە وردی تاوتوێ دەکرێن و لە قۆناغی کۆتایی دانوستانەکاندا دەخرێنە ڕوو.