سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ڕایگەیاند'' لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی ئاگربەستدا و تەنانەت دوای ئەو وادەیەش، گەرووی هورمز بەبێ بەرامبەر و بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێک بەڕووی کەشتییەکاندا واڵا دەبێت.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتن فشار دەخاتە سەر تاران و تەلئەڤیڤ بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، و کردنەوەی گەرووی هورمزیش وەک یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئەو ڕێککەوتنە لە قەڵەم دەدرێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە لە جیهاندا هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و جەختی کردەوە کە تەنیا ئەمریکا مافی ئەوەی دەبێت باج بسەپێنێت، ئەوەش لە کاتێکدا ئەگەر ڕێککەوتنی ئاشتی بە تەواوی کۆتایی نەیەت و جێبەجێ نەکرێت.
ترەمپ وڵاتەکەی وەک فریشتەی پارێزەر بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە سەرنەگرێت، ئەوا واشنتن بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووە سەربازییەکانی و وەرگرتنەوەی تێچووەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی پێشکەشی ناوچەکەی کردووە، باجی تایبەت بە خۆی دەسەپێنێت.