جەی دی ڤانس: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران لە پێشکەوتندایە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سویسراوە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند'' سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان دانوستانکاری "ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرن"، بەڵام گفتوگۆکانی سویسرا لە پێشکەوتندایە و هەنگاوی ئەرێنی بەرەو ڕێککەوتن نراوە.''

جەی دی ڤانس، لە فڕۆکەخانەیەکەوە هۆشداریی دا لەوەی کە نابێت هەموو ئەو زانیارییانەی لە سۆشیاڵ میدیای ئێرانییەوە بڵاودەکرێنەوە بە ڕاست وەربگیرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جێهێشتنی هۆڵی کۆبوونەوەکان لەلایەن شاندی ئێرانەوە، گفتوگۆکان لە ڕاستیدا بۆ ماوەی ٩ کاتژمێری دیکە بەردەوام بوون.

سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دیپلۆماتکارانی ئێران و ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، ڤانس وتی'' من کاتێکی زۆرم لەگەڵ ئێرانییەکان بەسەر بردووە، هەندێک جار وەک دانوستانکار زۆر ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرن، بەڵام ئێمە هەست دەکەین کە بەرەوپێشچوونێکی باشمان هەیە".

لە کۆتاییدا جەی دی ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان چەمکی ئازادیی ڕادەربڕین لە ئەمریکا و ئێراندا هەیە، بەڵام واشنتن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی گونجاو لەم خولەی دانوستانەکاندا.



PM:11:42:22/06/2026