قالیباف: ٣ هەزار کەس کوژراو ٣٠ هەزار بریندارمان هەیە


سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد قالیباف بۆ یەکەمجار زیانەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر جەنگی ئەمەریکاو ئیسرائیل ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ژمارەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن،  برینداربوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس و، ژێرخان و دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران رووبەڕوی وێرانکارییەکی بەرفراوان بۆتەوە".

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ناوەندی باکۆی پایتەختی ئازەربایجانەوە چەند پەیامێکی مەترسیدار و گرنگی ئاراستە کرد و ڕایگەیاند " ئەوەی ڕوویداوە تەنیا ڕێککەوتن نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەرمی شکستخواردنی پڕۆژەی ئەمریکی-ئیسرائیلییە لە ناوچەکەدا".

قالیباف لەبەردەم یەکێتیی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی، ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لەگەڵ واشنتۆن واژۆ کراوە، بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی بۆ شکستی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی وەسف کرد. 

جەختیشی کردەوە کە "لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، ئەنجامی فشار نەبووە، بەڵکو بەرهەمی خۆڕاگرییەک بوو کە سەلماندی سەردەمی کۆیلەکردن و ملکەچپێکردنی گەلان بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ یەکەمجار قەبارەی ئەو زیانانەی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکان کەوتوونەتەوە، و شەڕی ئەمریکی-ئیسرائیلی بە کارێکی "تاوانکاری" وەسف کرد .

قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرگریی جەماوەری و سەربازی ئێران، پیلانەکانی دوژمنیان پووچەڵ کردەوە، کە ئامانجیان سەپاندنی ئیرادە بوو لە ڕێگەی "تیرۆری ئابووری و سەربازییەوە". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن خودی وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت، دوور لە ئاسایشی هاوردەکراو یان پەنابردن بۆ هێزە دەرەکییەکان.




PM:05:15:24/06/2026