وۆڵ ستریت جۆرناڵ: دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە سویسرا ڕاگیران

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە'' ئەو دانوستانە دیپلۆماسییانەی کە بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچن، بە شێوەیەکی کتوپڕ هاتوونەتە ڕاگرتن.''

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن ڕایگەیاندبوو کە تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا واژۆ کراوە؛ یاداشتنامەیەک کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، پرسی گەمارۆ ئابوورییەکان و میکانیزمەکانی ئازادکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی تاران لە دەرەوەی وڵات لەخۆدەگرێت.

بەپێی چاودێران، ئەم هەڵپەساردنە کتوپڕەی پرۆسەی دیپلۆماسی پێشهاتێکی توندوتیژی سەربازیی لەپشتە؛ بەو پێیەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە کەناراوەکانی ئێران.

ئەو هێرشانەی واشنتۆن وەک کاردانەوەیەک بوون بەرامبەر بە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، ئەمەش گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە لوتکە و کۆبوونەوەکانی سویسرای پەکخستووە.



PM:08:55:28/06/2026