موجتەبا خامنەیی: لە خوێنی باوکم و منداڵانی ئێران خۆشنابم و تاوانباران سزا دەدرێن

 ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکی تونددا سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی ئەم دواییە و کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی لە خوێنی باوکی و منداڵانی ئێران خۆشنابێت و سەرجەم دۆسیەکان دەباتە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.''

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەڵێت'' لە خوێنی شەهیدانی ستەملێکراوی شەڕی سەپێندراوی دووەم و سێیەمەوە تا دەگاتە ئەو برین و زیانە جەستەیی، دەروونی، ماددی و مەعنەوییانەی کە بە نیشتمانە خۆشەویستەکەمان و هەر یەکێک لە ئەندامانی نەتەوەی ستەملێکراوی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کەوتووە؛ پاشەکشە ناکەین."

ڕێبەری نوێی ئێران ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکان کرد و وتی" لە کوشتنی کۆرپە و تاوانە جەنگییە بێوێنەکانی میناب تا هێرشکردنە سەر ناوەندە پزیشکی و خزمەتگوزارییەکان؛ لە کوشتنی کۆرپەی چەند ڕۆژێکەوە تا بەساڵاچووە ئازیزەکان؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە شەهیدبوونی ڕابەری مەزن (عەلی خامنەیی)، هەریەکەیان فایلێکی دۆسیەی سەدان، ئەگەر هەزاران نەبێت، لە دۆسیەی یاسایی گرنگ پێکدەهێنن."

له‌ کۆتایی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی جەختی لە تۆڵەسەندنەوە و ڕێکاری یاسایی کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە ئەم دۆسیانە بە جیددی لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و "ئەوەی دڵنیایە، دەبێت تاوانباران بگیرێن و سزا بدرێن لەسەر کردەوە تاوانکارییەکانیان".



AM:12:01:29/06/2026