ئاماری قوربانیانی دوو بومەلەرزە بەهێزەکەی ڤەنزوێلا بەرز
بووەوە و تا ئێستا هەزار و ٤٥٠ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون، لەکاتێکدا دەیان هەزار کەس هێشتا
بێسەروشوێنن.
بەوتەی کاربەدەستانی فەنزوێلا، تاوەكو ڕۆژی یەکشەممە، ژمارەی
گیانلەدەستدانی دوو بومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکەی ئەو وڵاتە بۆ لانیکەم هەزار و ٤٥٠
کەس بەرزبوەتەوە، لەگەڵ برینداربونی زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ کەسی دیکە. ئاماژەیان
بەوەشكردوە، لانیکەم ٣٣ کەس لە سەرەتای هەفتەدا ڕزگارکراون، بەڵام دەیان هەزار کەس
هێشتا بێسەروشوێنن، ئەمەش مەترسییەکان سەبارەت بە کەمبونەوەی کات بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربوان
زیاد دەکات.
بە وتەی خۆرخێ ڕۆدریگێز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی، پێدەچێت
هەزاران کەس هێشتا لەژێر داروپەردودا گیریان خواردبێت. ڕۆدریگێز وتی، ئەو دوو بومەلەرزەیەی
کە گوڕەکەیان٧.٢ و ٧.٥ پلە بو و ڕۆژی چوارشەممە یەک لە دوای یەک وڵاتەکەیان هەژاند،
٤٣٠ پاشلەرزەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە کاتی هەستیار بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربوان
دوای تێپەڕبونی ٧٢ کاتژمێر بە توندی کەمدەبێتەوە، ئەمەش مەترسی تەواوبونی کات بۆ ئەوانەی
هێشتا لەژێر داروپەردودا ماونەتەوە دروستدەکات.
بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنی زیانەکان، زیاتر لە دو هەزار و ٥٠٠
باڵەخانەی نیشتەجێبون و دامەزراوەی دیکە بە تەواوی ڕوخاون یان زیانی قورسیان بەرکەوتوە،
لەوانە نزیکەی ٧٨٠ خانو و ٣٨ نەخۆشخانە.