قەتەر وەڵامی ئەو هەواڵانەی
دایەوە کە باس لە ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لە نێوان شاندی واشنتۆن و تاران دەکەن لە
کاتی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیاندا بۆ دەوحە و جەختیكردەوە كە تاكو ئێستا هیچ پلانێك
بۆ كۆبونەوە لەنێوانیاندا نیە.
ماجد ئەنساری، وتەبێژی
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند کە نێردەکانی واشنتن ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر
ئێستا لە دەوحەن بۆ بینینی نێوەندگیرەکان و تاوتوێکردنی دانوستانەکان، لە کاتێکدا
بڕیار لەبارەی هیچ کۆبونەوەیەکی ئاستبەرز لەگەڵ ئێراندا نەدراوە.
وتەبێژەکە جەختی کردەوە
کە پارە سڕکراوەکانی ئێران لە قەتەر کە بڕەکەی شەش ملیار دۆلارە "هێشتا بۆ
تاران ڕەوانە نەکراون و کەوتونەتە ژێر ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٢٣"، ئاماژەی بەوەشکرد
کە "تەرخانکراون بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی".
ئەنساری ئەوەشی باسکرد
کە "لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، هێڵێکی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بۆ هێورکردنەوەی
گرژییەکان لە گەروی هورمز و کۆنتڕۆڵکردنی ڕوبەڕوبونەوەکان بەکارهێنراوە". وتەبێژەکە
ڕونیکردەوە، "لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان هەماهەنگی دەکەین سەبارەت بە گەروی
هورمز و تێپەڕبونی سەلامەتی کەشتییەکان".
واشنتن و تاران ڕێککەوتن
لەسەر ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا نوێ بوبونەوە، سەرەڕای ئەوەی
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە
جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژۆ کردبو.
ئەم یاداشتنامەیە کە بە
نێوەندگیری پاکستان و قەتەر بو، زەمینەی خۆشکرد بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن
بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ڕۆژدا.
ڕۆژی دوشەممە، دۆناڵد
ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پلاتفۆرمەکەی "تروس سۆشیاڵ" نوسی: "ئێران
داوای کۆبونەوەیەکی کردوە. بەیانی (سێشەممە) لە دەوحە بەڕێوەدەچێت".
دوای ماوەیەکی کەم،
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، نێردەکان ویتکۆف و کوشنەر "لەم هەفتەیەدا
بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوە ئاستبەرزەکان دەچنە دەوحە".