ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەداتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی هەڕەشەکانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیلی دەداتەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو "موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، حوکمی مردنی بەسەردا سەپێنراوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١ی تەمووزی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیەتی "رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبینەوە کە گەل و سەرکردایەتیمان بکاتە ئامانج".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، رێکەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا روونە و سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بەوەی ئیسرائیل جڵەوگیر بکات، هۆشداریشیدا، ئەگەر گوێڕایەڵ نەبن، ئێران وانەیەکیان پێدەڵێت کە هەرگیز لەبیری نەکەن.

پێشتر یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی سەربازە کوژراوەکانی شەڕی لوبناندا، ئاماژەی بە ئەگەری نوێبوونەوەی شەڕ لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "تەلئەڤیڤ ئامادەیە بۆ جاری سێیەم هێرش بکاتە سەر تاران ئەگەر پێویست بکات."

کاتز روونیکردەوە، رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر نیشانی دان نابێت چاوەڕێی مەترسی بکەن و وتی "دوو جار بە هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران کردووە، ئەگەر پێویستیش بکات هێرشی سێیەم دەکەین." هۆشداریشی دا کە سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سووریا و غەزە دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.




PM:03:49:01/07/2026