بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٢ پلە ئیندۆنیزیای هەژاند و مەترسیی سونامی نییە

ئەمڕۆ هەینی ٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٦.٢ پلەی ڕێختەر کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.

دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکی (USGS) ڕایگەیاند'' بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ١٢٠ کیلۆمەتر و لە دووری ٥٨ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری تۆبیلۆ لە پارێزگای (نۆرس مالۆکۆ) ڕوویداوە. کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکە کاتژمێر ١١:٣١ی بەیانی بووە بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە.''

سەبارەت بە شۆک و کاریگەریی بوومەلەرزەکە، عومەر عەباس کە دانیشتووی شاری تیرناتییە و ١١٤ کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوورە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕایگەیاند'' لە قاوەخانەیەک دانیشتبووم کاتێک لەپڕ کورسییەکەم دەستی بە لەرزین کرد؛ بۆ ساتێک تووشی ترس بووم چونکە هێشتا کاریگەریی بوومەلەرزەکانی پێشووم لەسەر مابوو."

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی کەشناسی و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند کە هیچ مەترسییەکی دروستبوونی شەپۆلی سونامی لە ئارادا نییە.

ئیندۆنیزیا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە کە دەکەوێتە سەر ناوچەی "کەمەرەی ئاگر" لە زەریای هێمن، بەردەوام ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و چالاکییە جیۆلۆجییە هاوشێوەکان دەبێتەوە



PM:02:22:03/07/2026