ترەمپ داوایەکی ناتەنیاهۆ بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە قبووڵ دەکات

 سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاند، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە واشنتن لێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دیدارەکە ئەنجام بدرێت.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی لوبنان و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ناکۆکیی قووڵ لە نێوان هەردوولادا دروستبووە.

دۆناڵد ترەمپ بە شێوازێکی تەنزئامێز وتی'' ناتەنیاهۆ خۆی دەزانێت کێ لێرە سەرۆکە"؛ هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ مانگی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهۆی سووربوونی لەسەر پەرەسەندنی جەنگی لوبنان، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ناتانیاهۆ و بە "شێت" وەسفی کردووە، بەو پێیەی شەڕی لوبنان ببووە بەربەست لە بەردەم لێکتێگەیشتنەکانی واشنتن و تاران.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بە وردی چاودێریی ڕێوڕەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەکات و ڕایگەیاند'' دانوستانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەهۆی پرسەکەوە ڕاگیراون، بەڵام ئێرانییەکان ئێستا بە پەرۆشەوە داوای ڕێککەوتن دەکەن.''



PM:10:01:04/07/2026