وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، بە توندی وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی ئامادە نییە لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی واشنتندا دەست بە دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بکات.''
عەباس عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕووی دەمی کردووەتە بەرپرسانی ئەمریکا و نووسیویەتی'' ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بن، دانوستانەکان دەربارەی ڕێککەوتنی کۆتایی دەستپێناکات، ڕێز لە واژۆکەتان بگرن."
ئاماژەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەو ڕێککەوتنە کاتییەیە کە مانگی ڕابردوو لە نێوان تاران و واشنتندا واژۆ کرا، کە تێیدا هەردوولا بەڵێنیان دابوو پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەی سەربازی دژی یەکتر نەبەن.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابووە تاران و ڕایگەیاندبوو'' واشنتن یان دەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران یان ئەرکەکە تەواو دەکات و کۆتایی پێدەهێنێت."
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێرانی کردبوو و وتبووی: "دەتوانین لە ماوەی یەک کاتژمێردا پردەکانیان بڕووخێنین و سەرچاوەکانی وزەیان ببڕین."
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی دیار کۆتایی هات
. ئەمەش سەرەڕای هەبوونی ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژە کە مەبەست لێی ڕەخساندنی دەرفەت بوو بۆ دیپلۆماسی، دوای ئەو هێرشە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا کردیانە سەر ئێران و بوونە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا.