چالاکییەکانی لوتکەی پەیمانی
باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە ئەنقەرە دەستیپێکرد، بە ئاشکراکردنی بەڵێنە وەبەرهێنانە
بەرگرییە فراوانەکانی وڵاتانی هاوپەیمان، کە دەسپێشخەرییەک بۆ خەرجکردنی ٤٠ ملیار
دۆلار بۆ تواناکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگرێتەوە.
مارک ڕوتە، ئەمینداری
گشتی هاوپەیمانیەتی ناتۆ ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، "هاوپەیمانیەكە بە خێرایی
تواناکانمان بۆ بڵاوکردنەوە و بەکارخستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاستێکی فراوان،
زیاد دەکات. لە هەمان کاتدا، ئێمە بەرگرییەکی بەهێزی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بونیاد
دەنێین بۆ دەستنیشانکردن و ناسینەوە و لەناوبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان".
ڕوتە زیادی کرد،
"وڵاتانی هاوپەیمان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتودا زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار لە
تواناکانی بەرەنگاربونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا وەبەرهێنان دەکەن"، جگە لە
پلاندانان بۆ بەهێزکردنی مەشق و ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنی سەربازان.
لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی لوتکەکەدا ئاماژە بەوە بکات کە ئامادەیە ڕێگە
بە تورکیا بدات بگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥، وەک ئەوەی ڕۆژنامەی
نیویۆرک تایمز و تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویان
کردوەتەوە.