قەتەر: ئێران لە هێرشکردنە سەر کەشتیەکان بەرپرسیارە


دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، بڵاویکردەوە هێرش کراوەتە سەر كەشتیەكی تر لە گەرووی هورمز، ئەوەش سێیەم رووداوی لەو جۆرەیە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، مەجید ئەنساری باس لەوە دەکات کە ئێران هێرشەکان ئەنجام دەدات.

سێ شەممە، ٧ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر  رایگەیاند "هێرشەکانی سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر بەزاندنی بەهاکانی یاسای نێودەوڵەتی و تێکدانی دڵنیایی کەشتیوانی و وزەی جیهانە، ئێمە داوا لە ئێران دەکەین بە خێرایی کۆتایی بە تەواوی ئەو کارانە بهێنێت کە ئاسایشی ناوچەکە و گواستنەوەی دەریایی دەخەنە مەترسییەوە".

"تاران بە تەواوی بەرپرسیاری یاسایی و دارایی ئەم دەستدرێژییە مێژووییەیە"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وا دەڵێت.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ئاشکراشی کرد، یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان کە هێڵی گازی شلی قەتەری بە ناوی رەکەیات بووە، لە نێو گەرووی هورمز لە نزیک ناوچەی لیماهـ لە کەناراوەکانی عومان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە لە بەشی بزوێنەرەکەیدا ئاگر کەوتووەتەوە، هەرچەندە کارمەندەکانی بە سەلامەتی رزگارکراون.

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکردوە کە دوو نەوتهەڵگری دیکەش زیانیان پێگەیشتووە کە یەکێکیان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە.

هاوكات بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندووە، تاران یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێشێل کردووە کە لەگەڵ واشنتۆن لەسەر ئاسایشی دەریایی واژۆ کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان پێشێلکردنی راستەوخۆی لێکتێگەیشتنەکان دەکات سەبارەت بە ئازادی تێپەڕین لە گەرووەکەدا.

بەپێی کۆمپانیای داتاکانی کێپلەر، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە لانی کەمەوە ١٠٨ کەشتی بەم رێڕەوانەدا تێپەڕیون.




PM:10:53:07/07/2026