وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی رەتی دەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی دەستی هەبووبێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی سەر بە قەتەر لە گەرووی هورمز.
ئیسماعیل بەقایی سێ شەممە، ٧ تەمووز ٢٠٢٦، سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر کەشتیەکی قەتەر لە گەرووی هورمز و تۆمەتبارکردن ئێران لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە رایگەیاند "بڕگەی 5ی لێکتێگەیشتنی کۆتایهێنان بە شەڕ ، کە لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ واژۆ کرا و تێیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبارەی ئاسایشی گەرووی هورمز، ئێران بە جیدی کار لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دەکات".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ رەتکردنەوەی هێرشکردنە سەر کەشتیە قەتەریەکە ئاماژەی بە رۆڵی قەتەر كردوە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا و وتویەتی "داوا لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی قەتەر کە خۆی وەک نێوەندگیر لە بەشێکی زۆری وردەکارییەکانی ئەم لێکتێگەیشتنە ئاگادارە و هەروەها کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دەکەین، لە هەر کارێک کە پێچەوانەی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە بێت خۆیان بەدوور بگرن".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت "ئەم کردەوانە مەترسیی پێکدادان، کێشەی ژینگەیی و نائارامیی رێڕەوەکە دروست دەکەن و دەبنە رێگر لەبەردەم هەوڵەکان بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام لە گەروی هورمزدا".
سێ شەممە، ٧ تەمووز ٢٠٢٦، تەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند "هێرشەکانی سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر بەزاندنی بەهاکانی یاسای نێودەوڵەتی و تێکدانی دڵنیایی کەشتیوانی و وزەی جیهانە، ئێمە داوا لە ئێران دەکەین بە خێرایی کۆتایی بە تەواوی ئەو کارانە بهێنێت کە ئاسایشی ناوچەکە و گواستنەوەی دەریایی دەخەنە مەترسییەوە".