لە دوای هێرشەکانی شەوی
رابردووی هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی
تەموز، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند هێرشیان کردوەتە سەر ٨٥ بنکەی ئەمریکی لە
ناوچەکەدا.
شەوی رابردوو فەرماندەیی
ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردوە و بەپێی
راگەیەنراوەکە، ئەم هێرشانە بەمەبەستی سەپاندنی باجێکی قورسە بەسەر ئێران دا، دوای
ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانی کە لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕدەبوون و
لەلایەن دەریاوانانی مەدەنیی بێتاوانەوە سەرپەرشتی دەکران.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
(سێنتکۆم) رایگەیاند، وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان
لە تەنگەی هورمز، زیاتر لە ٨٠ ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە؛ لەوانەش
سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی کەناراو و بنکەکانی سوپای پاسداران.
لای خۆیەوە ئەمریکا رایگەیاندووە،
ئەم هێرش و دەستدرێژییانەی ئێران لەم ئاوە نێودەوڵەتییەدا هیچ پاساوێکیان نییە، مەترسیدارن
و پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتنی ئاگربەستن.
دوابەدوای ئەمە، ئەمڕۆ ٨ی تەموز سوپای پاسداران لە
راگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنێکی
موشەکی و درۆنیدا، ٨٥ بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئەمریکایان لە ناو خاکی کوەیت و بەحرەین
پێکاوە.
سوپای پاسداران ئەم هێرشە بەرفراوانەی وەک "وەڵامی سەرەتایی
بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" وەسفکرد و ئاشکرایشی کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا
توانیویانە درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (ئێم کیو-9) بخەنە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی
"یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود
پزیشکیان تێدەپەڕێت.
ئەو رێککەوتنە بڕیاربوو کۆتایی بە جەنگی ١١٠ رۆژەی نێوان هەردوولا
بهێنێت، بەڵام چەندین هۆکار بوونە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی، لەوانە تەنگەی
هورمز.
ئێران پێداگری لەسەر وەرگرتنی باج (سەرانە) لە کەشتییەکان دەکات،
بەڵام واشنتۆن بە توندی رەتیدەکاتەوە و بە "چەتەگەری" وەسفی دەکات.
سەبارەت بە لوبنان، تاران دەڵێت: ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی
نەبووە بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بۆیە ئەوانیش ئاگربەستەکەیان
بە هەڵوەشاوە داناوە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە
تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، ئەوا "چیدیکە وەک دەوڵەت نامێنێتەوە."