سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە ئێرانییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پەیوەندییان بە واشنتنەوە کردووە، هەروەها دووپاتی کردەوە " هێرشە دواییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران وەڵامێکی زۆر گەورەتر بوو بۆ ئەو هێرشانەی کە کرابوونە سەر کەشتییە بازرگانییەکان".
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێرفۆرس وەن" ڕوونیکردەوە، ئێرانییەکان "کەمێک پێش ئێستا پەیوەندییان کردووە" و، وتیشی "ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتنێکمان لەگەڵدا ئیمزا بکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام دران، ٢٠ هێندەی هێرشەکانی ئێران بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و، وتی: " کاتێک ئەوان هێرشیان کرد، ئێمە بە هێزێکی زۆر گەورەتر وەڵاممان دانەوە."
لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social)، ترەمپ نووسیویەتی " هێرشەکان بۆ سەر ئێران وەڵامی ئەو هێرشانە بوون کە کەشتییەکانیان کردبووە ئامانج، و هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران کاری زیاتر بکات، دۆخەکە "خراپتر دەبێت".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە واشنتن فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند کە بنکە سەربازییەکان، بەندەرەکان و ئەو توانایانەی کردە ئامانج کە پەیوەندییان بە هەڕەشەکردن لە دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا هەیە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند " سوپای ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی تەممووز، خولێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێناوە، بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە لە بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمزدا".
فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی ٩٠ ئامانجی سەربازیی ئێرانییان پێکاوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێری کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستیکی سەربازییان لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران کردۆتە ئامانج.