زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز بووشەهر و بەندەر عەباسی گرتەوە

میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە'' شەوی پێنجشەممە دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری پارێزگای بووشەهر و لە نزیک شاری "چوغادەک" بیستراوە.''

هاوکات ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە دانیشتووانی ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەری بە تەواوی دەنگی ئەو تەقینەوانەیان بیستووە. لە لایەکی دیکەشەوە، هەر ئەمشەو دەنگی چەند تەقینەوەیەکی هاوشێوە لە ناو شاری بەندەر عەباس بیستراوە.

ئەم تەقینەوانە دوای ئەوە دێن کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە لووتکە و مەترسیی پەرەسەندنی جەنگێکی بەرفراوان لە ئارادایە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی ئێران، لە ماوەی دوو شەوی ڕابردوودا، سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕی کردووەتە سەر هێڵی کەناراوەکانی باشووری ئێران، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسداران و خەڵکی سڤیل کوژراون، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆری ماددیش بە ناوچەکە گەیشتووە.

ئەم شەپۆلە نوێ و فراوانەی بۆردوومانەکانی واشنتن بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی فەرمیی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی ڕاگەیاندووە و هێزەکانی ئەمریکاش کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.



PM:11:41:09/07/2026