موجتەبا خامنەیی: بەمزووانە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان دەکەینەوە

ئەمڕۆ شەممە، ١١ی تەموزی ٢٠٢٦ ، رێبەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکیدا رایگەیاند، بەڵێن بێت "تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان" دەکەینەوە.

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامێکدا بەبۆنەی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی نووسی، تۆڵەسەندنەوەی ئەو داواکاری نەتەوەیە و «بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەنجام بدرێت".

ئەو وتی: "پەیمان دەبەستین کە تۆڵەی خوێن لە بکوژە تاوانبار و بێ‌ئابڕووەکان بکەینەوە. ئەم تۆڵەسەندنەوەیە، داواکاری نەتەوەی ئێمەیە و بە شێوەیەکی حەتمی دەبێت جێبەجێ بکرێت."

موجتەبا خامنەیی هەروەها وتی: "ئەم تاوانبارانە کە ریزی ناوەکانیان لە سەرەوە بۆ خوارەوە هەیە، ئاواتی مردنێکی ئارام و لەناو جێگادا لەگەڵ خۆیان دەبەنە گۆڕەوە. ئەوان دەبێت بزانن کە ئەم بابەتە، بەند نییە بە بوونی کەسیی من یان بەرپرسانی دیکەوە."

ئەو لە درێژەدا وتی: "ئێمە بین یان نەبین، ئەم کارە دێتە دی و بەم زووانە ئازادیخوازان لە سەرانسەری جیهاندا، هەر یەکەیان بەشێک لەم ئەرکە خوداییە جێبەجێ دەکەن."

لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٦ لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند ئامانجێک لە تاران، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

ئەم رووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک، و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە.

موجتەبا خامنەیی کە کەمتر لە ١٠ ڕۆژ دوای کوژرانی باوکی و لە ٩ی ئاداردا، لە لایەن ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرا، لە هیچ بەشێکی ئەم ڕێوڕەسمەدا ئامادە نەبوو. لەم ماوە درێژەدا هیچ فایلێکی دەنگی یان ڤیدیۆیی لێی بڵاو نەکراوەتەوە کە نیشانی بدات لە چ دۆخێکدایە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەییدا، نزیکەی تەواوی بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئامادە بوون؛ لە سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتەکەوە تا فەرماندەکانی سوپای پاسداران و تەنانەت سێ کوڕەکەی دیکەی عەلی خامنەیی (موستەفا، مەسعود و مەیسەم) ئامادەبوون بەڵام موجتەبا دەرنەکەوت.


 




PM:01:49:11/07/2026