ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی بێوێنە دژی ئێران ئامادە دەکات

‌بۆردومانی شارەکانی ئێران- ئەرشیف

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە سوپای وڵاتەکەیان ئامادەکارییەکانی بۆ داڕشتنی پلانێکی سەربازیی بەربڵاو بە مەبەستی لێدانی ژێرخانەکانی ئێران تەواو کردووە. ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە کە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، یان ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئارادایە.

سەرەڕای ئەم ئامادەکارییانە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێستادا پێی باشە وڵاتەکەی نەگلێنێتە ناو ململانێ و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە: "سوپا تەواوی پلانە هێرشبەرییەکانی خۆی دژی ئێران کۆتایی پێهێناوە، ئەمەش وەک پێشبینییەک بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی بەربڵاو یان لە حاڵەتی هێرشکردنی تاران بۆ سەر ئیسرائیل".

ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی ئیسرائیل بڕیاری چوونە ناو جەنگ بدات، ئەوا سوپای ئیسرائیل ئەمجارە شتێک بەدەستدەهێنێت کە لە ململانێکانی پێشوودا نەیتوانیوە بەدیبهێنێت".

پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا

هاوکات، ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لە ناو ئیسرائیلدا کردووە و ڕایگەیاندووە: "بوونی ئەم هێزانە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر هەبوونی توانای پێویست و تەواو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر سیناریۆیەکی توندوتیژ و ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لە ناوچەکەدا".




PM:04:08:11/07/2026