پەیمانگای "ڕۆبێرت کۆخ"ی ئەڵمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەو شەپۆلە گەرمایە بەتینەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕووی لە وڵاتەکە کردووە، نزیکەی ٥ هەزار و ١٠٠ کەس بەهۆی هۆکارە پەیوەندیدارەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە خزمەتگوزاری "کۆپەرنیکۆس"ی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری گۆڕانی کەشوهەوا ئاشکرای کردووە کە مانگی ڕابردوو بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژوودا لە ڕۆژئاوای ئەوروپا تۆمارکراوە.
پلەکانی گەرمی لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە چەندین ناوچە ٤٠ پلەی سەدییان تێپەڕاند، ئەمەش زیانی گەورەی بە ژێرخان گەیاند؛ لەوانەش تێکچوونی قیر و ڕووی ڕێگاوبانەکان کە بووە هۆی داخرانی کاتیی چەندین ڕێگای خێرا، هاوکت گەرمای بەتین هێڵەکانی شەمەندەفەریشی تووشی پەککەوتن کرد.
لە هاوین و حوزەیرانی ئەمساڵدا، پلەکانی گەرمی لە پایتەختی ئیسپانیا (مەدرید) و باشووری فەڕەنسا ئاستی پێوانەیی پێشوویان شکاند و لە چەندین شار گەیشتنە سەروو ٤٢ پلەی سەدی، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بۆ فێنککردنەوەی جەستەیان ڕوو لە نافورە گشتییەکان و ڕووبارەکان بکەن.
شەپۆلی گەرماکە کێشەیەکی گەورەی لە ژێرخانی کۆنی ئەم وڵاتەدا دەرخست، بە جۆرێک بەهۆی نەبوونی سیستمی ساردکەرەوەی گونجاو لە هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی و شەمەندەفەرەکان، گەشتەکان تووشی شڵەژان و دواکەوتنی زۆر بوون و هۆشداری تەندروستیش بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو ڕاگەیەندرا.
بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆپەرنیکۆس، تێکڕای پلەی گەرمی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا گەیشتووەتە ٢٠.٧٤ پلەی سەدی، کە ئەمەش ٣ پلە لە سەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانی نێوان ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠ـە. لەسەر ئاستی جیهانیش، تێکڕای پلەی گەرمی ١٦.٥٤ پلە بووە، کە ١.٣٩ پلە گەرمتر بووە لەو سەردەمەی پێش شۆڕشی پیشەسازی (ساڵانی ١٨٥٠-١٩٠٠).
ئەم شەپۆلە گەرمایە بێپێشینەیەی نیوەی دووەمی مانگی حوزەیران، کە دوای کەشوهەوایەکی گەرمی نائاسایی لە مانگی ئایاردا هات، ژمارەی پێوانەیی پلەکانی گەرمی لە زۆربەی وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا تۆمارکرد و بووە هۆی دروستبوونی مەترسی جدی لەسەر کەرتی ئابووری و تەندروستی گشتی.