ئاژانسی "ئەلجەزیرە"ی ئینگلیزی بڵاویکردەوە'' کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی میکانیزمێکی تایبەت دەکات بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا و خۆی بە لایەنی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە دەزانێت.''
تاران پشتبەستن بە ماددەی پێنجەمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا، خۆی بە تاقە ڕێکخەری فەرمیی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا دەناسێنێت.
بەرپرسانی ئێران ڕایدەگەیەنن'' گەرووی هورمز تەنها لەناو ئاوە خاکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوڵتاننشینی عوماندایە.''
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، هیچ وڵات و لایەنێکی سێیەم مافی دەستوەردانی لە کاروباری گەرووەکەدا نییە.
ئەم پێداگرییەی ئێران لە کاتێکدا دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا واشنتن تارانی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە گەرووی هورمز تۆمەتبار کردبوو، بەوەش گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر هێڵە دەریاییەکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە.