عەبدولحەمید عەواکی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی سوریا هەڵبژێردرا

پەرلەمانی سووریا لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا، عەبدولحەمید عەکلیل عەواکی وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژارد، دوای ئەوەی توانی ٩٩ دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی سووریا، محەممەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەت بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سووری، دانیشتنەکە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، ئوسامە عەساف، سەرپەرشتی کرا و تێیدا دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سێ ئەندام کرایەوە کە بریتی بوون لە (عەبدولحەمید عەواکی، موئەیەد هایل قەبلاوی، و مەحەممەد ڕامز کورج)، کە سەرەنجام عەواکی بەدەستهێنانی ٩٩ دەنگ بووە سەرۆکی پەرلەمان.

ئوسامە عەساف، لە وتارێکدا لەناو هۆڵی پەرلەمان ڕایگەیاند'' سووریای نوێ لەلایەن ستەمکارانەوە حوکمڕانی ناکرێت و کەسیش بەدەر نییە؛ نیشتمان لەگەڵ هەموو گەل، گروپ و مەزهەبە جۆراوجۆرەکانی بە یەکگرتوویی دەژی بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەکی گەورە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە سوورییەکان دەیان ساڵە بەدەست ستەم و ئاوارەییەوە دەناڵێنن لەژێر دەسەڵاتێکدا کە دەوڵەتی کردبووە کێڵگە، بەڵام ئێستا قۆناغی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە مێژوودا.

عەبدولحەمید عەکلیل عەواکی، لە ساڵی ١٩٦٦ لەدایکبووە. ناوبراو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی حەلەب (١٩٩٠) بەدەستهێناوە. 



PM:07:42:12/07/2026