وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ڕاگەیاند'' لە ئێستادا کار لەسەر داڕشتنی وردەکاری و هەماهەنگییەکان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی بەسەر ئێراندا و لە کاتەکانی دواتری ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکەن.''
هاوكات، بەرپرسێکی ئەمریکی بە پێگەی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، سێنتکۆم وادەی فەرمیی دەستپێکردن و سەپاندنی ڕێکارەکانی ئەو گەمارۆ دەریاییە بە فەرمی بڵاودەکاتەوە کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی هێڵە دەریاییەکانی ناوچەکەیە.
ئەم ئامادەکارییانەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" ڕاگەیاندنی گەمارۆ دەریاییەکەی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی'' گەرووی هورمز کراوەیە و بە کراوەییش دەمێنێتەوە، بە هەبوون یان نەبوونی ئێران."
ترەمپ جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم ڕێوشوێنە تەنها ڕێگری لە کەشتییەکان یان کڕیارانی ئێران دەکات بۆ چوونە ژوورەوە یان چوونە دەرەوە، و سەرجەم وڵاتانی دیکە مافی تەواو و بەکارهێنانی دادپەروەرانە و کراوەی ئەم گەروەیان دەبێت.