وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی چەند مووشەکێکی بالیستی بووەتەوە و تێکیان شکاندوون، کە لەلایەن گرووپی حوسییەکانەوە بەرەو ناوچەکانی باشووری سعوودیە ئاراستە کرابوون.''
ئەم هێرشە مووشەکییانەی حوسییەکان دوای ئەوە دێن کە وتەبێژی سەربازیی گرووپەکە ڕایگەیاندبوو'' بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی سەنعا لەلایەن سعوودییەوە کۆتایی بە قۆناغی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەهێنێت و وەڵامدانەوەمان لە ڕێگایە."
هاوکات کەناڵی "ئەلمەسیرە"ی سەر بە حوسییەکان پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئەرینیی ئاسمانیی فڕۆکەکانی سعوودیە بووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، تەقینەوەی دۆخەکە هاوکاتە لەگەڵ تۆمەتبارکردنی تاران لەلایەن حکومەتی فەرمیی یەمەنەوە بە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان و بەردەوامیی پشتیوانیکردنی حوسییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری بەرگریی یەمەن ڕایگەیاند، چیتر حکومەتی شەرعیی یەمەن ئارامی نەماوە بەرامبەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن فڕۆکە ئێرانییەکانەوە و وەڵامدانەوەی زۆر توندیان دەبێت. جەختیشی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان ڕووبەڕووی فڕۆکە ئێرانییە دوژمنکارەکان دەبنەوە.