ترەمپ: ئەمشەو و سبەی هێرشی زۆر بەهێز دەکرێتە سەر ئێران

 سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند و کتوپڕی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند'' بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە نێوانیاندا واژۆکرابوو، ئەمشەو و سبەی هێرشی سەربازیی زۆر بەهێز دەکرێتە سەر ئەو وڵاتە و گورزێکی کوشندەیان لێدەدرێت.''

دۆناڵد ترەمپ، ئاشکرای کرد کە ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییە پێدەچێت ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە بخایەنێت، چونکە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان زۆر بەرفراوان دەبێت و ئەمجارە تەنانەت ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لە ژێر چیاکاندن بە تەواوی خاپوور دەکرێن و کۆتاییان پێدەهێنرێت.

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ژێرخانی سەربازی و توانای مووشەکیی ئێران و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت تاران هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، تەنها خاوەنی چەند مووشەکێکی دیاریکراو و ئاسایی بێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پلانەکانی واشنتن بۆ لەناوبردن یان بە توندی لاوازکردنی سەرجەم ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەکیی ئێران.

هاوکات سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە ڕەوشەکە گرت و ڕایگەیاند کە ئێران تاوەکو ئێستا ٤٢ هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە، کە ئەمە وەک تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی و ئازادی هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە چارەنووسی دۆخی نێوان هەردوولا، سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە پێی وانییە ئاگربەستەکە بە تەواوی کۆتایی هاتبێت، بەڵکو هێشتا دەرفەتی بەردەوامبوونی هەیە ئەگەر ئێران بە تەواوی گوێڕایەڵی مەرجەکانی ئەمریکا بێت تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی. 



PM:11:56:13/07/2026