سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی بەرفراوان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و کەشتییەکی جەنگیی واشنتن لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی سوپای پاسداران، ئەم هەنگاوە لە وەڵامی دەستدرێژی و شەڕانگێزییە بەردەوامەکانی ئەمریکادایە بۆ سەر خاکی ئێران.
لە هێرشێکی بەرفراواندا کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشکێنەرەوە ئەنجامدراوە، چەندین ئامانجی هەستیاری هێزەکانی ئەمریکا لە کوێت کراونەتە ئامانج، لەوانەش سیستەمەکانی پەیوەندی، کۆگاکانی سووتەمەنی، سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، تاوەرەکانی چاودێری و کۆگاکانی تەقەمەنیی سوپای ئەمریکا.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی دوژمن بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، بە تەقاندنی مووشەکی کرووز، کەشتییەکی جەنگیی و دوژمنکارانەی ئەمریکای بە وردی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.