سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی "نیووزماکس" ڕایگەیاند'' هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی تواناکانی تارانیان بە تەواوی لاواز کردووە" و جەختی کردەوە " لە چوار مانگدا ئێرانیان بۆ چاخی بەردین گەڕاندووەتەوە."
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان ئێستا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و ڕێگرییان کردووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر لێیان نەدابایە، تاران لە ماوەی دوو بۆ چوار هەفتەی دیکەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیل دەسڕایەوە. ئەو ناوی ئەم جەنگەی نا ناوە "داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران".
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند'' کاتژمێر ٥:١٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە کاتی هەولێر، کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانیی پێنج کاتژمێری هێناوە کە تێیدا بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ئێران پێکاوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بووشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبو مووسا و بەندەر عەباس کە پەیوەندییان بە تواناکانی ئێرانەوە هەیە لە تەنگەی هورمزدا.''
ترەمپ لە کۆشکی سپیش بە ڕۆژنامەنووسانی دەڵێت'' لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی درۆنی سەربازیی ئێرانی لە کوبا دەکەن و ڕێگەی پێ نادەن.''
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا دانی بەوەدا نا کە دوای پشتگوێخستنی ئاگادارکردنەوەکانیان، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحیان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و پەکخستوون، و هۆشدارییان دا کە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا قەیرانی وزەی جیهانی دروست دەکات.