دادگایەکی تورکیا بە تۆمەتی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە کاتی رێگریکردن لە کاروانی
هاوکاریی دەریایی بۆ کەرتی غەزە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
دەرکرد.
دادگای ١١ی سزای قورس لە ئیستەنبوڵ، لە چوارچێوەی دۆسیەی دادگاییکردنی بەردەوامی
رێگریی سوپای ئیسرائیل لە کاروانی دەریایی (سمود) بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرکرد.
دادگاکە چەندین تۆمەتی قورسی رووبەڕووی ناتانیاهو و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی
ئیسرائیل کردووەتەوە کە بریتین لە "تاوان دژی مرۆڤایەتی، جینۆساید، بریندارکردنی
بەئەنقەست، ئەشکەنجەدان، تاڵانکردن، رێگری و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە ئازادییەکانیان".
ئەم رێکارە یاساییانە دوای ئەوە دێن کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، دادگایەکی ئیستەنبوڵ
بڕیاری سەرەتایی بۆ دەستگیرکردنی ناتانیاهو و چەندین بەرپرسی دیکە دەرکردبوو.
دواتر لە نیسانی ٢٠٢٦دا، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ داوای سزای زیندانیی
هەتاهەتایی توندی بۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل کرد.
کاروانی دەریایی (سمود) ، دەستپێشخەرییەکی مەدەنی و نێودەوڵەتییە لە لایەن چەندین
رێکخراوی ناحکومی و چالاکڤانی جیهانییەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا دەستیپێکرد، بە مەبەستی
شکاندنی گەمارۆی دەریایی سەر کەرتی غەزە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦ لە بارسیلۆنای ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی
بۆ غەزە بەڕێکەوت کە ٥٨ کەشتی و ٣٤٥ کەس لە ٥٦ وڵاتی جیاواز لەسەر کەشتییەکانن.