وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتوەکان
پێیوایە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق، پێویستی بەوەیە بەغدا چەکی میلیشیا
هاوپەیمانەکانی ئێران دابماڵێت.
پیت هیگسێت لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" وتی، "میوانداری عەلی زەیدی،
سەرۆکوەزیرانی عێراقم کرد لە پێنتاگۆن. بۆ پتەوکردنی هاوبەشییەکەمان، دەبێت عێراق
سەروەری خۆی بسەپێنێت و چەکی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران دابماڵێت".
هەروەها وتیشی، "واشنتن چاوەڕوانە کە هێزە ئەمنییەکانی
عێراق ڕۆڵی سەرکردایەتی بگرنە ئەستۆ لە هەوڵەکانی تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش".
هیگسێت ئاماژەی بەوەدا کە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران بەرپرسن لە زیاتر لە ٦٠٠ هێرش
بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکی لە ماوەی ئەم ساڵدا.
لە کۆتاییدا هیگسێت وتی، "عێراقێکی ئارام دەرگا بەڕوی
هاوکارییە بازرگانی و بەرگرییە بەهێزەکاندا دەکاتەوە".
لە هەمان چوارچێوەدا، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند
کە زەیدی پێشوازی لە سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کردوە لە
شوێنی نیشتەجێبونی لە واشنتن لە ڕۆژی سێشەممەدا.
بەگوێرەی نوسینگەی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا
جەختی کردوەتەوە لەسەر "كارەی لە پێشینەی حکومەت، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و
سنوردارکردنی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا".
زەیدی جەختیکردوەتەوە کە "حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی
پرۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانکی و کەرتی دڵنیایی (تەمین)، لەگەڵ
چاکسازی باج و گومرگ، بەجۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ئابورییەکی کاراتر و بەردەوامتر".
ئەوە لەكاتێكدایە عەلی زەیدی ڕۆژی دوشەممە بە سەردانێكی فەرمی
گەیشتە ئەمریكا و دوێنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كۆبوەوە و لەكۆنگرەیەكی
ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا جەختیكردەوە كە "دوای ٣٠ی ئەیلول هیچ پێویستییەک بە بونی
گروپە چەکدارەکان لە عێراق نامێنێت"، ئاماژەی بەوەشدا کە هێزە ئەمریکییەکان دەردەچن
و لە شوێنی ئەوان کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان دێنە ناو وڵاتەکە.