ئەمریکا ئامادەکاری بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی سەر ئێران دەکات

کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سوپای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە'' ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ فراوانکردنی مەودای هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە ئێران، ئەمەش لە ڕێگەی ناردنی نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی سەربازی بۆ ناوچەکە.''

بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە، دوای هەفتەیەکی تەواو لە هێرشی چڕی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تەلئەڤیڤ پێیوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە فراوانکردنی مەودای کارزارە سەربازییەکەی دەکاتەوە، لەوانەش ئەگەری بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنیی ئێران.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا ئێرانییەکان "هەوڵ دەدەن ئیسرائیل نەگلێننە ناو ڕووداوەکەوە"، بەڵام ئەگەر ئەمریکییەکان هێرشەکانیان پەرە پێبدەن، ڕەنگە بارودۆخەکە بە تەواوی بگۆڕێت.

هاوکات، ئەو بەرپرسە سەربازییە ڕوونی کردووەتەوە کە دەیان فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی ئەمریکی دەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل و نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی دیکەش بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوون، لە کاتێکدا دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری پەرەسەندنێکی گەورەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادە دەکات.

لەم چوارچێوەیەدا و بەهۆی مەترسیی تێکچوونی زیاتری دۆخەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل ئاگادارییەکی هۆشداریدانەوەی بەپەلەی دەرکرد و تێیدا داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کرد کە بەهۆی ئەگەری ڕوودانی پەرەسەندنێکی چاوەڕواننەکراو، پێش گەشتکردنیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی بۆ ئیسرائیل، بە باشی بیر بکەنەوە و وریای خۆیان بن.



AM:12:10:19/07/2026