دۆناڵد ترەمپ: بە کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی، باجی چەندین هێندەی بۆ ئێران دەبێت

 سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی باجێکی چەندین هێندە لە تاران وەردەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسی کە ئەم فەرمانە بڕواپێکراوەی بە پیت هێگسەس وەزیری جەنگ و دانیێل کەین سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا و سەرجەم فەرماندەکانی سەربازیی وڵاتەکەی داوە.

ئەم هۆشدارییە توندەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگێکی گشتگیردایە.

لە لایەکی دیکەوە ئەم بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە لەم دواییەدا ئەمریکا کوژرانی دوو سەرباز و بێسەروشوێنبوونی سەربازێکی دیکەی لە ئوردن ڕاگەیاند و هەر لەم هەفتەیەشدا سەربازێکی دیکەیان لە کاتی پووچەڵکردنەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی ئێران لە باکووری عێراق گیانی لەدەستدا کە بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە لە مانگی شوباتەوە کوژراون گەیشتە ١٧ سەرباز.



PM:08:35:20/07/2026