دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان، جۆزیف عۆن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و زانیاری نوێی سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "گفتوگۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە و ئێرانییەکان بە پەرۆشەوە داوای کۆبوونەوە دەکەن، چونکە پەرێشان بوون و دۆخیان بەرەو خراپی چووە".
سێ شەممە، ٢١ تەمووز ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "ئەمریکا رێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێمە هێرش دەکەینە سەر هەر پێگەیەکی نوێ لە ئێران، چونکە ئەوان بەهۆی چەک و بەرنامەی ئەتۆمییەوە تێوەگلاون و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی بنکەیەکی نوێی ئەتۆمی دەدەن".
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە "رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێگەیەکی ئەتۆمیی ئێران لە 'جبل الفأس' بە توندی بکەینە ئامانج، کار دەکەین بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو. ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردبایە سەر ئێران، ئێستا چەکی ئەتۆمییان بەدەستدەهێنا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەیان پێ لەناو دەبرد".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد "هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆتاییان نەهاتووە و بەردەوام دەبین، تەنانەت ئەگەر هێرشەکانیش رابگیرێن، ئێران پێویستی بە ٢٥ ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بنیات بنێتەوە و هەر رێککەوتنێکی نوێش هاوشێوەی دیوارێکی پتەو دەبێت بۆ رێگریکردن لە پەرەپێدانی ئەتۆمیی تاران، جارێ ئێمە کۆتاییمان بە هێرشەکانی سەر ئێران نەهێناوە و بەردەوامیش دەبین".
لە بارەی گفتوگۆکردنیان لەگەڵ حزبوڵڵا، ترەمپ دەڵێت "من ئامادەم گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا بکەم، من بۆ چارەکردنی کێشەکان قسە لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەم، ئەگەر سەرۆکی لوبنان بیەوێت، ئەوا قسە لەگەڵ حزبوڵڵاش دەکەم".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر حووسییەکانی یەمەن کرد و وتی "دوای ئەو رێکارە توندانەی بەرامبەر حووسییەکان گرتمانەبەر، چیدیکە رووبەڕووی کێشە نەبووینەتەوە لەگەڵیاندا، بەڵام ئەگەر گەرووی باب مەندەب دابخەن، ئەوا جارێکی دیکەش بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەینەوە".
لای خۆشیەوە سەرۆکی لوبنان لە بارەی کۆبونەوەکەیان سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ ئەو دەستکەوتە مێژووییانەی کە پێکەوە بەدەستیان هێناون و رایگەیاند "کاتی ئەوە هاتووە لوبنان و تەواوی ناوچەکە لە ئاسایش و سەقامگیریدا بژین، ئامانجی کۆتاییمان ئەوەیە کە دۆخی دوژمنکاری لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ هەمیشە کۆتایی پێبهێنرێت، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان خەڵکی ناوچەکانی باشوورە و پشتگیرییەکی تەواو لە کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان دەکات و هەوڵێکی گەورە لەم پێناوەدا دەدات".