ئاڵۆزیییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێیان ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، دوای ئەوەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند'' هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کوەیت.'' هاوکات ئەمریکاش ۱٢یەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران تەواو کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت کۆگایەکی گەورەی کەرەستەی سەربازی، سیستەمێکی بەرگریی پاتریۆت، سەکۆیەکی هەڵدانی درۆنی MQ-9 و تاوەرێکی پەیوەندییەکانیان تێکشکاندووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد هێرشیان کردووەتە سەر سەربازگەی عودەیری و شوێنی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، کە لە ئەنجامدا کورژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و زیانی بەرچاو بە هەلیکۆپتەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گەیشتووە.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دیمەنی ۱٢یەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، توانای دەریایی، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی مووشەک و درۆن، پێگەکانی چاودێریی کەناراوەکان و بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. سێنتکۆم جەختی کردەوە ئەم هێرشانە بۆ لاوازکردنی توانای ئێرانە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتیوانی و دەریاوانە مەدەنییەکان.