''ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی فراوانتر دەچێت''

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە لووتکە و هەموو ئاماژەکان بەرەو بەرزبوونەوەی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی فرەوانتر دەچن

چاودێرانی سیاسی لە شیكردنەوەکانیاندا تیشک دەخەنە سەر کۆمەڵێک پێشهاتی بەپەلە کە دۆخەکەیان ئاڵۆزتر کردووە، لەوانە ڕەوانەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و سەربازی لە ئەمریکاوە بۆ بنکە جیاوازەکان لە ئەورووپا، بەریتانیا و ئیسرائیل.

 خستنەنێوی سوپای ئیسرائیل بۆ بەرزترین ئاستی ئامادەباشی، دوای ئەوەی لەلایەن واشنتنەوە ئاگادار کراونەتەوە لە نیازی پەڕەپێدانی زۆرتری ئۆپراسیۆنەکان لە قۆناغی داهاتوودا، هاوکات ڕاگرتنی کارەکانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانی بریتانی بۆ دەستبەرداربوون لە گەشتکردن بۆ ئیسرائیل.

 پەیامی ئاگادارکردنەوەی توندی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران کە هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، بە بۆردوومانکردنی پرد یان وێستگەیەکی کارەبا لە ناوخۆی ئێران وەڵام دەدرێتەوە.

لەبەرامەردا، لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ئێران، لەوانە قالیباف کە جەختی کردووەتەوە تا نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، ڕێگە بە هەناردەی نەوتی ناوچەکە نادەن و هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئێران بە هێرشی هاوشێوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا وەڵام دەدرێتەوە.

 جەختکردنەوەی عەباس عێراقچی لەسەر پرەنسیپی "چاو بەرامبەر چاو" و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە هاوکاریکردنی ئەمریکا کە دەبنە ئامانجی ڕەوای هێزەکانیان.

بەپێی وتەی چاودێران، ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی هەڕەشەکان و جووڵە سەربازییەکان نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نادیار و زۆر مەترسیدار دەڕوات کە ڕەنگە کارەساتی ئابووری و سەربازیی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێ بکەوێتەوە.



PM:12:17:23/07/2026