وەزارەتی تەندروستی سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای دێرەزوور – دیمەشق، ٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
شەممە، ٢٥ تەمووز ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی سوریادا هاتووە "رووداوەکە لەسەر ئەو رێگایە روویداوە کە دێرەزوور و دیمەشق بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە ناوچەی نێوان هەردوو شاری سوخنە و تەدمور، رووداوەکە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیدا بووە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی پێکدادانەکە و دەستیان بە گواستنەوەی بریندارەکان و دەرهێنانی تەرمی قوربانییەکان کردووە.
وەزارەتی تەندروستی سوریا باسی لەوەشکردوە کە تیمەکانی رزگارکردن بەردەوامن لە دەرهێنانی تەرمە سووتاوەکان لە ناو یەکێک لە پاسەکاندا و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی رزگارکردن، ئاماری نوێکراوە بڵاوبکرێتەوە.
رێگای دێرەزوور - دیمەشق لە ناوخۆی وڵاتدا بە رێگای مردن ناسراوە، ئەمەش بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵانی رابردوودا؛ چونکە رێگاکە تەسکە و تەنیا یەک سایدی چوون و هاتنی هەیە بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لە نێوانیاندا هەبێت، جگە لە بوونی چاڵ و درز و داڕمانی ژێرخانی رێگاکە.