وەزیری دەرەوەی ئێران: خۆمان ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دیاری دەکەین

 وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و ڕەتی کردەوە هیچ جۆرە دوژمنایەتییەکیان بەرامبەر دراوسێیەکانیان هەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ عەباس عێراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە بەندی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتن کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەو ڕێکارانەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەگیرێنە بەر بەو مانایەن کە ئێران خۆی ڕێڕەوی کەشتیوانی دیاری دەکات، تاوەکو گەرەنتیی گەڕانەوەی جووڵەی دەریاوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر زیادکردن یان لابردنی ڕێڕەوێکی کەشتیوانی دەبێت لە چوارچێوەی ڕاوێژ لەگەڵ تاراندا بێت و لەسەر بنەمای ئەمنییەت و سەلامەتیی دەریاوانی بێت چونکە ناوچەکە پێشتر مینڕێژ کراوە، هاوکات ئەمریکییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کەشتییەکان ناچار دەکەن ڕێڕەوی جیاواز لەوەی تاران دیاریی کردووە بەکار بهێنن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی پێشتر ئەمریکا بۆ سەر چەند شارێکی ئێران ئەنجامی دابوون.



PM:09:05:25/07/2026