ئیسرائیل بەرامبەر تورکیا خۆی زیاتر پڕ چەک دەکات

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئیسرائیل بەنیازە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی P-8 Poseidon لە ئەمریکا بکڕێت. ئەم فڕۆکەیەی بۆینگ کە بە "بکوژی ژێردەریاییەکان" ناسراوە، تایبەتە بە هەواڵگریی دەریایی، گەڕانی مەودادور، و هەڵگرتنی چەکی قورسی وەک تورپیدۆ.

هۆکاری سەرەکیی هەنگاوەکەی ئیسرائیل:

ئەم هەوڵەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل پەیوەستە بە نیگەرانییەکانی Tel Aviv لە بەهێزبوونی توانا دەریاییەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا. تورکیا خاوەنی زیاتر لە ۱۰ ژێردەریایی چالاکە و بەردەوام لە پەرەپێدانی سیستمە سەربازییە دەریاییەکانیدایە.

گرنگیی فڕۆکەکە:

پێشکەوتوویی: تەکنەلۆژیای ڕاداری دەریایی، هەستەوەری دەنگی، و دوربینەکانی ژێر سووری تێدا جێگیرکراوە.

دەگمەنی: تا ئێستا تەنها ٨ وڵات لە جیهاندا ئەم فڕۆکەیەیان هەیە.

تێچوو: نرخی هەر فرۆکەیەک لەگەڵ سیستمی چەکدارکردنیدا نزیکەی ١ ملیار دۆلارە.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ئامانج لێی پاراستنی هەژموونی ئەمنی و تەکنەلۆژی خۆیەتی لە بەرامبەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە.




PM:12:41:26/07/2026