وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توندی لە ئۆکرانیا گرت بەهۆی بۆردوومانکردنی کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەی لە دەریای قەزوین و ڕایگەیاند'' ئەو هەنگاوەی زێلێنسکی بە داوای ئیسرائیل و بە مەبەستی ڕاکێشانی ئەوروپا بۆ ناو جەنگەکە ئەنجام دراوە.'' جەختیشی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت.
عەباس عێراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" و لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کالاس نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا، هێرشەکەی بە پێشێلکاریی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ناو برد و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی ڕوون و بڕیاردەر بگرنە بەر و سزای بەرپرسانی ئەم پەلامارە بدەن.
هاوکات، عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی هاوشێوەدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گفتوگۆ و راوێژیان کرد سەبارەت بە نوێترین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان و هەماهەنگیی ستراتیژیی نێوان تاران و مۆسکۆ لە مەلەفی جەنگەکەدا.