وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ڕێگە بە ئەمریکا نادەین کاتی شەڕەکە دیاری بکات

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێکی سەبارەت بە خولی ڕووبەڕووبوونەوەکان و بەکارهێنانی ئامرازە سیاسییەکان بڵاوکردەوە و رایهەیاند ئێران هەرگیز ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات ئەمریکا کاتی هەڵگیرسان یان بەڕێوەچوونی شەڕەکە دیاری بکات.

بەقایی وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر کاتێکدا بەرژەوەندییەکانی داوای بکەن بەرگری لە خۆی دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەر کاتێکدا بە گونجاوی بزانن، بێگومان ئامرازە دیپلۆماسییەکانیش بۆ خزمەتی ئامانجەکانیان بەکار دەهێنن.

دوێنێ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بۆ یەکەمجار دوای ١٣ شەو لە هێرشی ئاسمانیى بەردەوام، بڕیاریدا بۆردوومانى ئامانجە سەربازییەکان لە ناوخۆى ئێران رابگرێت؛ ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنى دیپلۆماسیى عومان لە تاران و وەک وەڵامێک بۆ هۆشداریى فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی خاڵیبوونەوەى کۆگاکانى مووشەکى بەرگریى ئەمریکا دێت.

ماڵپەڕى(ئەکسیۆس) لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ رۆژى هەینى پلانێکى پێشنیازکراوى سوپای بۆ دەستپێکردنى شەپۆلێکی نوێى بۆردومان رەتکردووەتەوە. ئەم بڕیارە تەنیا چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی شاندێکی باڵای وڵاتى عومان بۆ تاران هات، کە ئامانجیان دۆزینەوەى میکانیزمێکە بۆ کردنەوەى تەنگەى هورمز و رێگریکردن لە جەنگێکی گشتگیر.




AM:11:24:27/07/2026