ئێران: ڕێگری لە کەشتییەکانمان فراوانکردنی بازنەی جەنگە

بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند'' ئەمریکا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هەڕەشەی لە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی ئێران کردووە و جەختی کردەوە کە ئەم کردەوانە بێ وەڵام نامێننەوە.''

هۆشداریشی دادا کە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بە واتای فراوانکردنی بازنەی جەنگ لە ناوچەکەدا دێت.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە'' ڕێڕەوی ١٧ کەشتییان لە گەرووی هورمز گۆڕیوە و پشکنینیان بۆ چەند کەشتییەکی دیکە کردووە''.

لە بەرامبەردا ئێران جەخت دەکاتەوە کە گەرووەکە بڕیاری داخستنی دراوە و تەنیا لە ڕێڕەوە دیاریکراوەکانی تارانەوە ڕێگە بە هاتووچۆ دەدرێت.

ئەم ئاڵۆزییانە هاوکاتن لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی لە پێگەیەکی بەهێزدایە و لە کاتێکدا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئێراندا، دوای ئەوەی تاران خۆی داوای کۆبوونەوە و ڕێگاچارەی کردووە.



AM:12:11:28/07/2026