ترەمپ: ئەگەر ئێران ملکەچی رێکەوتن نەبێت، «کێوی کلنگ»، پردەکان و وێستگەکانی کارەبا دەپێکین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە گفتوگۆی باش لەگەڵ ئێراندا لە ئارادایە، بەڵام دووبارە هەڕەشەی کرد ئەگەر تاران لەگەڵ ئەمریکادا نەگاتە رێکەوتن، دامەزراوە ژێر زەمینییەکانی ناو کێوی "کلنگ گزلا"، پردەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج.

ناووبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئەگەر بوار هەبێت، پێی خۆشترە پردەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران نەکاتە ئامانج.

ترەمپ روونی کردەوە: "من دەتوانم لە ماوەی یەک رۆژدا تەواوی وێستگەکانی کارەبایان لەکار بخەم. تەواوی وێستگەکانی کارەبایان لەناو دەچن. پێم وایە دەبێت نزیکەی ٩١ ملیۆن کەس بێ کارەبا و بێ پرد بژین. ئەمەش هاوسەنگییەکی زۆر، زۆر ناسکە."

ئەو جەختی کردەوە: "ئەوان دەزانن ئەگەر رێکەوتن نەکەن، من ئەم کارە دەکەم".

دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا: "دەتوانم بڵێم لە ماوەی دوو کاژێردا، زۆربەی پردەکان، پردە سەرەکییەکان، تەواویان وێران دەبن و وێستگەکانی کارەباش لە ماوەی یەک رۆژدا."

وتیشی "ئەگەر بتوانم خۆم لە ئەنجامدانی ئەم کارە بەدوور بگرم، پێم خۆشترە بەدووری بگرم."

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەو لێکتێگەیشتنە کرد کە لە لە نێوان واشنتۆن و تاران واژۆ کرابوو و لە پێکدادانەکان گەیشتە لێواری هەڵوەشانەوە، و وتی: "ئێمە ئیتر ناتوانین رێگە بدەین ئەوان رێککەوتنەکان پێشێل بڕوێنن."

بڕیارە ترەمپ تا چەند کاتژمێری دیکە لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبێتەوە؛ کۆبوونەوەیەک کە دوای هێرشە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر ئێران بەڕێوە دەچێت.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیوز، لە ترەمپ پرسیار کرا دەربارەی ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن نەتانیاهۆ بەنیازە لەم کۆبوونەوەیەدا دەربارەی ئەو چالاکییانەی لە سایتی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناووکیی ئێران، ناسراو بە "کلنگ گزلا" یان "کێوی کلنگ" ئەنجام دراون، لەگەڵیدا گفتوگۆ بکات.

ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "پێویست ناکات بیبی ئەمەم پێ بڵێت. بیبی ئەم بابەتە دەوروژێنێت چونکە دەیەوێت من هێشتا بەم بابەتەوە سەرقاڵ بمهێڵێتەوە."

ئەو کە نازناوی "بیبی" بۆ ئاماژەدان بە بنیامین نەتانیاهۆ بەکارهێنا، زیای کرد: «من بە وردی دەزانم لە "کێوی کلنگ” چ هەواڵێکە. ئەمە بابەتی وا گەورە نییە. ئێمە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئەوانیان لەناو برد و ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، ناچار دەبین کێوی کلنگیش لەناو ببەین. ئەگەر رێکەوتنێک نەیەتە ئاراوە، زۆر بە ئاسانی کاولی دەکەین".

ئەم دامەزراوە قایمکراوە لە قووڵایی زەویدا و لە نزیک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییە ناووکییەکانی ئێران لە نەتەنز هەڵکەوتووە. ئەمریکا لە میانی جەنگی ١٢ رۆژەی هاوینی ساڵی رابردوودا، ناوەندی نەتەنز و دوو سایتی ناوەکیی فۆردۆ و ئیسفەهانی بە توندی بۆردومان کرد و لەو کاتەوە دەستڕاگەیشتن بەو شوێنانە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەستەم بووە.





PM:05:16:28/07/2026