ئەمەریکا و روسیا لەسەر سوریا رێککەوتن
جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دوێنێ هەینی لەكۆتایی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سێرگئێ لاورۆف، هاوتا روسیەكەی خۆی لە جنێڤ، هەواڵی رێكەوتنی هەر دوو وڵاتی لەسەر قەیرانی سوریا راگەیاند.
دوای کۆبوونەوەیان لە جنێڤ بە بەشداریی ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، ئەمەریکا و رووسیا لەسەر پلانێکی ئاشتی لەبارەی سووریاوە گەیشتنە رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا سەنتەرێکی سەربازیی هاوبەش دادەمەزرێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و فەتحولشام لە سووریا.
هەروەها حکومەتی سووریا دەبێت کۆتایی بە هێرش و بۆردوومانەکانی بهێنێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە چەکدارانی سەر بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لێیە، لەوانە حەلەب، هەر بەپێی پلانەکە، دەبێت حکومەتی سووریا گەمارۆی سەر هەموو ئەو ناوچانە هەڵبگرێت کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و تاوەکو ئێستا حکومەت رێگر بووە لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.
هەر بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی نێوان ئەمەریکا و رووسیا، پلانەکە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 12ی ئەیلوولەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها داوا لە حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش کراوە کە پابەندبن بەو رێککەوتنەوە، بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش جۆن کێری و ئۆپۆزیسیۆن رازین بەو رێککەوتنە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی حکومەتی سووریاشەوە رایگەیاند، رووسیا حكومەتی سووریای لەبارەی رێککەوتنەکە ئاگادار کردووەتەوە و دیمەشقیش بەڵێنی داوە پابەندی پلانەکە بێت.
PM:01:35:10/09/2016