وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند" حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، لە 56%ی کۆی دەنگەکانی بەرهەمهێناوە".
عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ رایگەیاند " حەسەن ڕۆحانی توانیویەتی 23 ملیۆن و 549 هەزار و 616 دەنگ بەدەستبهێنێت و بەمەش دەبێت بە دوازدەیەمین سەرکۆماری ئێران".
سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێرانش وتی "هەتا ئێستا 99.7%ی دەنگەکان ژمێردراون و ئەمە ئەنجامی کۆتاییە و ئەوانەی دەنگیان داوە 41 ملیۆن و 220 هەزار و 131 دەنگە".
ڕۆحانی بە بەدەستهێنانی 5٦%ی کۆی دەنگەکان وەک سەرکۆماری دەستنیشان کراوە و سەید ئیبراهیم ڕەئیسیش لە 38.5%ی کۆی دەنگەکانی هێناوەو لە پلەی دووەمدایە.
سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران وتیشی "سەید مستەفا میرسەلیم بە 478 هەزار و 215 دەنگ و سەید مستەفا هاشمیتەبا بە 215 هەزار و 450 دەنگ لە پلەی سێیەم و چوارەمدا بوون".
وا بڕیارە کاتژمێر شەشی ئێوارە بەکاتی تاران، حەسەن ڕۆحانی لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئیرانەوە وتارێک پێشکەش بکات.