دوو تەقینەوەی بەهێز کابولیان هەژاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری کابول ڕوویاندا، بەوهۆیەوە ٢١ کەس کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.

جان ئاغا، ئەفسەری پۆلیس لە کابوول بە میدیاکانی راگەیاند، ، تەقینەوەی یەکەم لە ناوەڕاستی کابوول، لە شوێنێک روویداوە کە کۆمەڵێک لە نووسینگەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لێن.

لایخۆشییەوە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند، کەسێک لە نزیک بارەگای هەواڵگری خۆی تەقاندووەتەوە و چەند کەسێکى کوشتووە، بەڵام دوای  گەیشتنی تیمەکانى فریاگوزاری و ڕۆژنامەنوسان بە شوێنی روداوەکە، تەقینەوەى دووەم ڕوویداوە و بەو هۆیەوە چەند کەسێکی تر کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ڕاشیگەیاندووە، هێرشەکە خۆکوژی بووەو سەرجەم قوربانییەکان مەدەنین و کەسانى سەربازییان تیادا نیە، بەڵام رۆژنامەنووسێک گیانی لەدەستداوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەفغانستان نزیک بوەتەوەو هەفتەی رابردووش تەقینەوەیەک سەنتەرێکی ناوتۆمارکردنی دەنگدەرانی کردە ئامانج و، بەهۆیەوە 60 کەس گیانیان لەدەستدا.




AM:09:29:30/04/2018