شێخی ئەزهەر فرەژنی بە ستەم ناودەبات

شێخی ئەزهەر پێیوایە فرەژنی جۆرێك لە ستەمی تێیدایە بۆ ژن و داوا لە موسڵمانان دەكات بەتەواوەتی لە مانای ئایینەكە تێبگەن، نەوەك تەنیا باسی فرەژنی بكەن.

دكتۆر ئەحمەد تەییب، شێخی ئەزهەر لە بەرنامە هەفتانەییەكەیدا لە كەناڵی مسریە وتی "لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە (فإن خفتم ألا تعدلوا فواحدە)، (ئەگەر ترسان لەوەی دادپەروەر نەبن، تەنیا یەك ژن بەسە)".

شێخی ئەزهەر روونیشی كردەوە "زۆرجار فرەژنی دەبێتە ستەم بۆ ژنان و منداڵەكانیان، بۆیە پێویستە ئەو ئایەتەی باسی بابەتی فرەژنی دەكات بەتەواوەتی بخوێنینە، چونكە هەندێك كەس تەنیا دوو، سێ و چوار لەو ئایەتە دەبینێت، بەڵام ئەمەیان تەنیا بەشێكی ئایەتەكەیە و تەواوی ئایەتەكە نییە، لە پێش و پاشیدا شتی دیكە هەن".

شێخی ئەزهەر دەپرسێت "ئایا موسڵمان ئازادە لەوەی ژن بەسەر ژنەكەیدا بهێنێت؟ یان ئەو ئازادیە بەندە بە چەند مەرجێكەوە؟ چونكە فرەژنی راستە مافە، بەڵام چەندین مەرجی هەیە، دەكرێت بڵێین مۆڵەتە و مۆڵەتەكەش پێویستی بە هۆكارە".

هەروەها دەڵێت "فرەژنی مەرجدارە بە دادپەروەری، ئەگەر دادپەروەری نەبوو، ئەوا فرەژنی حەرامە و ستەمە لە ژن".

دكتۆر ئەحمەد تەییب، شێخی ئەزهەر هەر لە بەرنامەكەی رۆژی هەینیدا دەڵێ "ئەوەی ژیانێكی هاوژینیی باش دروستدەكات نە پارەیە و نە دەسەڵات، بەڵكو ئایینە كە بەبەردەوامی ئاراستەی خێزان رێكدەخات، بۆیە داوای كرد هەمووان بە مانا دروستەكەی لە ئایین تێبگەن، نەوەك بەشێوەیەكی رووكەشانە".



PM:02:30:04/03/2019